ھێرشی ھۆڵی کرۆکۆس سیتی
لە ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٤ ھێرشێکی تیرۆرستی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا، لە بەشی میوزیکیی ھۆڵی کرۆکۆس سیتی لە کراسنۆگۆرسک، مۆسکۆ.
ھێرشی سەر ھۆڵی کرۆکۆس سیتی | |
---|---|
![]() | |
شوێن | ھۆڵی کرۆکۆس سیتی، ئۆبلاستی کراسنۆگۆرسک، مۆسکۆ، ![]() |
ڕێکەوت | ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٤ ٢٠:٠٠ (بە کاتی مۆسکۆ) ٢٠:٠٠ – ١١:٠٠ |
ئامانج | خەڵکی مەدەنی |
جۆری ھێرش | جینۆساید، بۆمبارانکردن، ئاگر تێبەردان، توندوتیژی |
چەکوچۆڵ(ەکان) | کڵاشینکۆف، چەکی سووک، چەقۆ، بۆمبی مۆلۆتۆڤ |
مردن(ەکان) | ١٤٤ |
بریندارەکان | ٥٥٠+ |
تاوانباران | دەوڵەتی ئیسلامی ![]() ویلایەتی خۆراسان |
ھێرشەکە لە ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٤، نزیکەی کاتژمێر ٢٠:٠٠ بە کاتی مۆسکۆ ڕوویدا، ھێرشبەران بە شێوەیەکی ھەڕەمەکیانە ھێرشەکەیان ئەنجامدا، لە ھۆڵی مۆسیقای شارەوانی کرۆکۆس لە ئۆبلاستی کراسنۆگۆرسک، کە شارێکی ڕووسیایە لە لێواری ڕۆژاوای مۆسکۆ.[١] بێجگە لە تەقەکردنی بە کۆمەڵ بەرامبەر خەڵکی مەدەنی، ھێرشبەران بەشی زۆری بیناکەیان سووتاند.[٢] بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دوای ھێرشەکە، لانیکەم ١٤٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ٥٥٠ کەسیش برینداربوون، ئەمەش بووە کوشندەترین ھێرشی تیرۆریستی لە ڕووسیا، لە دوای ھێرشەکانی ساڵی ٢٠٠٤.[٣][٤][٥][٦]
دەوڵەتی ئیسلامی – ویلایەتی خۆراسان کە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامییە و بنکەکەی لە ئەفغانستانە، لە بەیاننامەیەکدا لە ڕێگەی ئاژانسی ھەواڵنێری ئەعماق کە سەر بە داعشە، دوای ماوەیەکی کەم لە ھێرشەکە بەرپرسیارییەتی خۆی لە ھێرشەکە ڕاگەیاند.[٧][٨]
ھێرشەکە
بڕیار بوو لە ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٤، گرووپی میوزیکیی ڕووسی "پیکنیک" نمایشێکی چاوەڕوانکراو لە ھۆڵی کرۆکۆس ئەنجام بدەن.[٩] نزیکەی کاتژمێر ٢٠:٠٠ (٣+ یوو تی سی)،[١٠] پێش ئەوەی گرووپەکە دەست بە نمایشەکە بکەن، ژمارەیەک لە چەکداری دەمامکدار بە بەکارھێنانی تفەنگی ھێرشبەری شێوازی AK تەقەیان لە خەڵک و ئامادەبووانی ئەوێ کرد.[١١][١٢] بەپێی ڕاپۆرتی ھێرشبەران (بەشی دەوڵەتی ئیسلامیی خۆراسان) لە ھێرشەکەدا چەقۆ و چەکی سووکیش بەکارھاتووە.
زیانە گیانییەکان
ڕەگەزنامە | کوژراوان |
---|---|
ڕووسیا ![]() | ١٣٦ |
بیلاڕووس ![]() | ٣[١٣] |
قرغیزستان ![]() | ٢[١٤] |
ئەرمینیا ![]() | ١[١٥] |
ئازەربایجان ![]() | ١[١٦] |
مۆلدۆڤا ![]() | ١[١٧] |
بەگشتی | ١٤٤[١٨] |
لە ھێرشەکەدا لانیکەم ١٤٤ کەس کوژراون[١٩] لەنێویاندا ژمارەیەکیان کە دواتر بەھۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە،[٢٠] ٥٥١ کەسی دیکەش برینداربوون،[٢١] ھەندێکیان بە سەختی برینداربوون.[٢٢][٢٣] جگە لە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەشێک لە مردنەکان بەھۆی ھەڵمژینی دووکەڵەوە بووە. بەپێی وتەی میخائیل موراشکۆ، وەزیری تەندروستیی ڕووسیا، لە ئەنجامی ھێرشەکەدا پێنج منداڵ برینداربوون و لانیکەم ٣ منداڵیش لە کوژراوەکان بوون.[٢٤][٢٥]