کەی نزیکترین ھاوسێکان

ئەلگۆریتمی k-نزیکترین ھاوسێکان (بە ئینگلیزی: k-nearest neighbours) یا کەی ئێن ئێن (k-NN) ئەلگۆریتمێکی پۆلێنکەرە کە بە جۆرێک لە ئەلگۆریتمی فێربوونی تەمبەڵ و ھەروەھا ئەلگۆریتمی ناپارامەتری دادەنرێت.[١][٢] تەنیا پارامەتری ئەم ئەلگۆریتمە kە کە ژمارەیەکی تەواوە کە ژمارەی ھاوسێکان پیشان دەدات. بۆ نموونە ئەگەر k دابنرێت ٣، ئەلگۆریتمەکە ٣ نزیکترین ھاوسێ دەدۆزێتەوە. ئەلگۆریتمی کەی ئێن ئێن بە دۆزینەوەی مەودای نموونەکان کار دەکات. واتە کاتێک دەیھەوێت نموونەیەکی تازە پۆلێن بکات سەرەتا مەوداکەی لە تەواو نموونەکانی ناو بنکەدراوەکە دەدۆزێتەوە. ئینجا k نزیکترین ھاوسێکانی ئەو نموونە تازەیە ھەڵدەبژێرێت. پۆلی نموونە تازەکە لە ڕووی نیشانە یا پۆلی ھاوسێ نزیکەکانەوە دەدۆزرێتەوە. واتە بە دەنگدان لە نێوان نزیکترین ھاوسێکاندا.[٣] ئەلگۆریتمی k-NN مەودای نێوان گۆڕەکەکان بە کار دێنێت بۆ پۆلێن بۆیە ئەگەر دراوەکان بەر لە پۆلێن نۆرماڵایز بکرێن کارایی ئەلگۆریتمەکە باشتر دەبێت.[٤] ئەمەش تەنیا تایبەتمەندیی کەی ئێن ئێن نیە و تەواوی ئەو ئەلگۆریتمانەی بە مەودا کار دەکەن ئەم دیاردەیانە تێدا دەبینرێت.

نموونەیەکی پۆلێن بە k-NN. خاڵە سەوزەکە نموونەیەکی تازەیە. ئەگەر k بگرین ٣، واتە سێ نزیکترین ھاوسێی ھەڵبژێرین بۆ پۆلێن ئەوا نموونە تازەکە دەکەوێتە پۆلی سێگۆشەوە. ئەم حاڵەتە بە بازنە بچووکەکە پیشان دراوە. بەڵام ئەگەر k لە حاڵەتێکی تردا ٥ بێت، ئەم جارە ئەلگۆریتمەکە نموونە تازەکە وەک چوارگۆش پۆلێن دەکات. ئەم حاڵەتە بە بازنە گەورەکە پیشان دراوە.

سەرچاوەکان