کۆمەڵگەی ویکیپیدیا
کۆمەڵگەی ویکیپیدیا بە کۆمەڵ و تاک بە ویکیپیدیا ناسراوە (بە ئینگلیزی: Wikipedia Community) کۆمەڵگەیەکی ئۆنلاینە کە خۆبەخشانە ویکیپیدیا دروست دەکات و پارێزگاری لێدەکات کە ئینسایکلۆپیدیایەکی ئۆنلاینە. لە مانگی ئابی ٢٠١٢ەوە وشەی «ویکیپیدیا» بووەتە نووسراوێکی فەرھەنگی ئۆکسفۆرد.[١]
کۆمەڵگەی ویکیپیدیا | |
---|---|
![]() | |
بەشێکە لە | Wikimedia community |
شاکارەکان | ویکیپیدیا |
خەڵاتەکان | Erasmus Prize |
ڕەنگە ویکیپیدیاکان خۆیان بە بەشێک لە بزووتنەوەی ویکیمیدیا بزانن کە تۆڕێکی جیھانییە لە بەشداربووانی خۆبەخش لە ویکیپیدیا و پڕۆژە پەیوەندیدارەکانی دیکە کە لەلایەن دامەزراوەی ویکیمیدیایەوە میوانداری دەکرێت.
ئامار
لە نیسانی ٢٠٠٨، نووسەر و وانەبێژ کلەی شیرکی و زانای کۆمپیوتەر مارتن واتنبێرگ کۆی گشتی ئەو کاتەی کە لە دروستکردنی ویکیپیدیادا بەسەریان بردووە بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کاتژمێر خەمڵێنراوە.[٢] لە تشرینی دووەمی ٢٠١١، نزیکەی ٣١٫٧ ملیۆن ئەکاونتی بەکارھێنەری تۆمارکراو لە سەرانسەری ھەموو چاپە زمانەکاندا ھەبوون کە نزیکەی ٢٧٠٬٠٠٠یان «چالاک» بوون (لانی کەم مانگانە یەک دەستکارییان ئەنجام دەدرا).
![](http://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/6/69/WMF_Strategic_Plan_Survey.svg/220px-WMF_Strategic_Plan_Survey.svg.png)
توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە دەری خستووە کە بنکەی بەشداربووانی ویکیپیدیا «بەزەحمەت ١٣٪ ژن بوون؛ تێکڕای تەمەنی بەشداربوویەک لە ناوەڕاستی بیستەکاندا بووە».[٣] توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١١ لەلایەن توێژەرانی زانکۆی مینیسوتا دەری خستووە کە مێینەکان ١٦٫١٪ی ئەو ٣٨٤٩٧ سەرنووسەرەیان پێکھێناوە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٠٩ دەستیان بە دەستکاریکردنی ویکیپیدیا کردووە[٤] لە وتارێکی نیویۆرک تایمزدا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١١دا، نوام کۆھین تێبینی ئەوەی کردووە کە بەپێی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی ویکیمیدیا لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ١٣٪ی بەشداربووانی ویکیپیدیا لە ڕەگەزی مێن.[٥] سو گاردنەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی دامەزراوەی ویکیمیدیا، ھیوای خواست تا ساڵی ٢٠١٥ بەشدارییەکانی ژنان بۆ ٢٥٪ زیاد بکات[٥] لیندا باش، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لەسەر ژنان، ئاماژەی بە جیاوازیی ئەم ئامارانەی سەرنووسەری ویکیپیدیا کرد لەگەڵ ڕێژەی سەدی ئەو ژنانەی کە لە ئێستادا بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە ئەمریکا تەواو دەکەن (ھەموویان بە ڕێژەی ٥٠٪ یان زیاتر).[٦]