ڕادیۆی کوردیی قاھیرە

ڕادیۆی کوردیی قاھیرە ڕادیۆیەکی کوردی بوو کە لە ساڵی ١٩٥٧ لە قاھیرەی پایتەختی میسر دامەزرا.[١] ئەم ڕادیۆیە بۆ ماوەی ١١ ساڵ تا ساڵی ١٩٦٨ بەردەوام بوو لە پەخشکردنی پەخشەکانی بە زمانی کوردی.[٢]

پەخشی ڕادیۆیی

ڕادیۆی کوردی لە قاھیرە ھەڵوێستێکی دژە ئەمریکی ھەبوو و ھەر لە سەرەتای کارەکانییەوە پڕوپاگەندەی دژ بە حکوومەتەکانی تورکیا و ئێران و عێراق بڵاو دەکرەوە کە لەو سەردەمەدا ھەموویان مەیلیان بۆ ئەمریکا ھەبوو. بەرنامەکانی بەشی کوردی بەزۆری بە ژەنینی سروودێکی ئەی ڕەقیب دەستی پێدەکرد. مۆسیقا لە بەرنامەکانی ڕادیۆیی کوردی قاھیرەدا جێگەی تایبەتی ھەبوو و ئەم ڕادیۆیە چەندین گۆرانی، نیشتمانپەروەریی بە زمانی کوردی پەخش دەکرد.[٣]

داخستن

ھەر لە سەرەتای بەرنامەکانی ڕادیۆی قاھیرەوە حکوومەتی تورکیا دەستی کرد بە ھەوڵدان بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی میسر بۆ داخستنی ئەم ڕادیۆیە. باڵیۆزی ئەوکاتەی تورکیا لە میسر لە دیدارێکدا لەگەڵ جەمال عەبدولناسر ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە دامەزراندنی ڕادیۆی کوردی لە پایتەختی میسر؛ بەڵام جەمال عەبدولناسر وەڵامی دایەوە: «ناڵێی کورد لە تورکیا بوونی نییە، کەواتە بۆ ناڕەحەتیت؟»

دواجار بەھۆی گوشار و ڕاوێژی دەسەڵاتدارانی ئێران، عێراق و تورکیا، لە ساڵی ١٩٦٨ بەشی کوردیی ڕادیۆی قاھیرە دوای ١١ ساڵ لە کارکردن، پەخشەکانی ڕاگرت.[٢][٤]

کارمەندان

فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، لە ڕادیۆی قاھیرەدا چالاک بوو، کاتێک خوێندکار بوو لە قاھیرە.[٥]

سەرچاوەکان