پێچ

ئامێرێکی سادە

پێچ یان بورغو (بە ئینگلیزی: Screw) ئامێرێکی سادەیە کە پێکھاتووە لە ڕوویەکی لێژ لوولپێچانە بە دەوری لوولەکێکدا ھەڵکراوە،[١] لە کاتی خولانەوەی پێچەکەدا ھێزێکی بچووک دەخرێتە سەر تەواوی دوورییە درێژەکەی ڕووی لێژی پێچەکە، لەو کاتەدا، پێچەکە ھێزێکی گەورە دەخاتە سەر دوورییەکی بچووک کە پاڵی پێوە ناوە، پێچەکان بەکاردەھێنرێن لە زۆربەی کاتدا وەک ئامێری بەستن و جێگیربوون، ئەگەر بتوانیت پێچێک بکەیتەوە، تێبینیی ئەوە دەکەیت لەڕاستیدا ڕووتەختێکی لێژی زۆر درێژە.[٢]

چەندین جۆر پێچ

سوودی میکانیکیی پێچ

ئەگەر بتوانیت ڕووی لێژی پێچێک بکەیتەوە، تێبینیی ئەوە دەکەیت ئەو ڕووە زۆر درێژە و لارییەکی سادەی ھەیە، ئەوەشت لەیادبێت ھەر کاتێک ڕوویەکی لێژ درێژییەکەی زیاتر بێت لە بەرزییەکەی سوودی میکانیکی گەورەتر دەبێت. ھەروەھا (دەمەوانەی سەر قاپی دۆشاو، مرەبا) ئەوانیش نموونەی پێچن کە سوودی میکانیکی گەورەیان ھەیە.[٣][٤]

سەرچاوەکان