مزگەوتی ئیبراھیمی

مزگەوتی ئیبراھیمی یان پیرۆزگای بەرزی ئیبراھیمی، کە لەلایەن جوولەکەکانەوە بە ئەشکەوتی پاتریارکەکان یان ئەشکەوتی مەخپێلا ناسراوە (بە عیبری: מערת המכפלה) بە کۆنترین بینای پیرۆزی بەکارھێنراو دادەنرێت تا ئەمڕۆ بەنزیکەیی و بێ پچڕان، و چوارەم شوێنی پیرۆزە بۆ موسڵمانان، و دووەم شوێنی پیرۆزە بۆ جوولەکەکان دوای مزگەوتی ئورشەلیم. پیرۆزییەکەی بەھۆی ئەوەی لەسەر ئەشکەوتێک دروستکراوە کە تێیدا ھەردوو پێغەمبەر ئیبراھیم و سارای ھاوسەری و کوڕەکەیان ئیسحاق و یەعقووبی کوڕی و ژنەکانیان ڕیفقە و لیا تێیدا نێژراون ھەروەھا ھەندێک گێڕانەوە ھەیە باس لەوە دەکەن کە یووسف و ئادەم، سام، نووح، لەوێش نێژراون. [١]

مزگەوتی ئیبراھیمی لە ساڵی (٢٠٠٩)
مزگەوتی ئیبراھیمی لەناو بەفردا

دەکەوێتە شارۆچکە کۆنەکەی حەبرۆن لە باشووری کەناری ڕۆژئاوا لە فەلەستین. لە ڕووی بیناسازییەوە ھاوشێوەی مزگەوتی ئورشەلیمە، [٢] مزگەوتەکە بە دیوارێکی گەورە دەورە دراوە کە لە بەردی زەبەلاح دروستکراوە کە ھەندێکیان درێژییەکەی ٧ مەتر دەبێت، بناغەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی ھیرۆدی یەکەم لەکاتی فەرمانڕەوایی بەسەر شارەکەدا (٣٧ پ.ز - ٧ پ.ز). [٣] دوای ئەوە ڕۆمەکان لە شوێنی کڵێسایەکیان دروست کرد، پاشان کەمتر لە ١٠٠ ساڵ دواتر لەلایەن فارسەکانەوە ڕووخێنرا، دوای ئەوە لە سەرەتای سەردەمی ئیسلامیدا کرا بە مزگەوت. لەگەڵ داگیرکردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن خاچپەرستەکانەوە، کڵێسایەکی کاتدراڵی لە شوێنی مزگەوتەکە دروستکرا، کە ھەر زوو دوای ئازادکردنی فەلەستین لەلایەن سەلاحەدینی ئەییووبی لە ساڵی ١١٨٧دا بوو بە مزگەوت. ئەمڕۆ مزگەوتەکە لەژێر داگیرکاری ئیسرائیلدایە، و بەھۆی گرنگی ئایینی مزگەوتەکە بۆ موسڵمانان و جوولەکەکان، بە ناوەندێک دادەنرێت بۆ ململانێ بەردەوامەکانی نێوان فەلەستینییەکان و جوولەکەکان لە شاری حەبرۆن، و ھەربۆیە دابەشکرا بەسەر مزگەوتێک بۆ موسڵمانان و کڵێسایەک بۆ جوولەکەکان، و خرایە ژێر پاسەوانی توندەوە. [٤]

سەرچاوەکان